دوزخورماتوو

ئەو دیوەخانەی هاوشێوەی کۆشکەو مێژووەکەی بۆ نزیکەی سەدەیەک پێش ئێشتا دەگەڕێتەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لەگوندی شا سەیوانی سەر بە قەزای خورماتوو، دیوەخانێک هاوشێوەی کۆشک دروستکراوە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی سەدەیەک دەگەڕێتەوە، دانیشتوانەکەی وەکو شوێنێکی مێژویی بەکاری دەهێنن و جگە لەوەش شوێنەواری کۆن و دێرینی تێدا پارێزراوە.

کۆشکەکە لەلایەن کەسایەتی ناوچەکەوە “نەوزاد فەریق حەسەن بەگ”خاوەندارێتی دەکرێت و وەکو دیوەخان بەکار دەهێنرێت و مێژووی دروستکردنی کۆشکەکە بۆ ساڵی 1936 دەگەڕێتەوە.

نەوزاد فەریق حەسەن بەگ، خاوەنی کۆشک و کەسایەتی ناوچەکە بە 964ـی وت، “کۆشکەکە جگە لەوەی لەسێ بەشی گەورە پێکهاتووە، ژورێکی نهێنی بچوکی تێدایە کە لەڕابردوودا بۆشاردنەوەی خەڵکی ناوچەکە لەسەردەمی رژێمی پێشوو دروستکراوە، زۆر جاریش کێشە عەشایەکییەکانی ناوچەکە لەناو کۆشکەکە چارەسەر دەکەن و وەکو دیوەخانێکیش بەکار دەهێنرێت.

وتیشی، کۆشکەکە لە خشت و بەردی ناوچەکە دروستکراوەو تائێستا کەرەستەی کۆن و دێرینی تێدا ماوەتەوە و پارێزراوە و چەند جارێک لەسەر ئەستۆی خۆیان نۆژەنیان کردووەتەوە.

لەئێستادا هەندێک شوێنی کۆن بوون و دەیانەوێ بەشێوازی تەلارسازی و مێژویی نۆژەنی بکەنەوەو پارێزگاری لێ بکەن.

ئەم شوێنەی کە ناویان لێناوە کۆشک دەکەوێتە گوندی کوردنشینی شا سەیوان لە باکوری خۆرئاوای خورماتوو و لە ساڵی 1936دروستکراوەو مێژووەکەی بۆ نزیکەی سەدەیەک دەگەڕێتەوەو هەروەها لەنێو ژورەکانیدا چەندین وێنەی باوباپیرانیان تێدا هەڵواسراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی