یەکێکیان پێویستى بە جەگە
دوو ئەگەر هەیە بۆ چاککردنەوەى پردەکەى گەلى عەلى بەگ
964+
ئاکام غەفور-سۆران
ئەمڕۆ دەستکراوە بە چاککردنەوەی پردی رێگای گەلی عەلی بەگ، بەڵام تیمەکان دڵنیا نین لەوەی کە چاککردنەوەی پردەکە سەرکەوتو دەبێت، بریکاری وەزارەتی ئاوەدان کردنەوەش دەڵێت، چاککردنەوەی نزیکەی دوو هەفتەی پێویستە و مژدەیەکی خۆشیشی پێیە بۆ خەڵکی سۆران.
دوێنێ هەینى 27.12.2024، بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە پردی گەلی عەلی بەگ کە شوێنی بەیەکگەیشتنی رووباری باڵەکیان و رواندزە و بەهۆیەوە رێگاکە داخرا.
بارهەڵگرێک رێگەی چوون بۆ گەلی عەلی بەگی داخستووە
لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممەوە، تیمەکانی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت دەستیان بە چاککردنەوەى پردەکە کردووە.
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەردانی پردەکەی کرد و لەوێ قسەی بۆ 964 کرد وتی، “لە دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە بڕیارمان دا بە چاککردنەوەی پردەکە، کە نزیکەی دوو هەفتەی پێویستە”.
“ئەگەر چاککردنەوەی سەرکەوتو نەبێت، ئەگەرێکی ترمان هەیە کە گۆڕینی پردەکەیە ئەمەش زیاتر لە مانگێکی پێویستە و بودجەیەکی زۆری دەوێت”، ئاگرین عەبدوڵا واى وت.
لە بارەى دووسایدى رێگاى گەلى عەلى بەگ، بریکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە وتى،”پرۆژەیەکمان لەبەر دەستە کە دووسایدکردنی رێگای گەلی عەلی بەگە و درێژییەکەی 12 کیلۆمەترە، هەرچەندە رێگاکە سەختە، بەڵام هەم سوود لە بڕینی شاخ وەردەگرین، هەمیش لەو شوێنەی پێویستە لەسەر رووبار، پردی بۆ دروست دەکەین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح