زیادەى داهات 12 تریلیۆنە
داهاتى نەوتى عێراق بۆ ئەمساڵ دەگاتە 129 تریلیۆن دینار
964+
ژووری هەواڵ
داهاتى نەوتى عێراق لە ساڵى 2024 دەگاتە 129 تریلیۆن دینار و لەسەر خەمڵاندنى داهاتەکەى لە یاساى بودجە، 12 تریلیۆن دینار زیادەی دەبێت.
وەزارەتی نەوتى عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەى خستووەتەڕوو، بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.
تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى تشرینى یەکەمى 2024 بۆ هەر بەرمیلێک 74 دۆلار و 35 سەنت بووە، کە داهاتەکەى دەگاتە حەوت ملیار و 350 ملیۆن و 971 هەزار دۆلار، بە دیناریش دەکاتە 9 تریلیۆن و 556 ملیار دینار.
بە گوێرەى داتاى وەزارەتى دارایى عێراق، لە 10 مانگى رابردوودا داهاتى نەوتى عێراق 110 تریلیۆن و 220 ملیار دینار بووە، لەگەڵ داهاتى فرۆشتنى نەوت لە مانگى تشرینى دووەمى 2024 دەگاتە 119 تریلیۆن و 776 ملیار دینار، لە کاتێکدا لە یاساى بودجەى عێراق، داهاتى نەوت بە 117 تریلیۆن و252 ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا دوو تریلیۆن و 524 ملیار دینار زیادەى داهاتى هەبووە.
هاوکات، داهاتى فرۆشتنى نەوتى عێراق بۆ مانگى کانونى یەکەم هێشتا رانەگەیەندراوە، ئەگەر داهاتەکەى هاوشێوەى داهاتى مانگى تشرینى یەکەم بێت، واتا 9 تریلیۆن و 556 ملیار دینار بێت، ئەوا داهاتى نەوت بە کۆى گشتى دەگاتە 129 تریلیۆن دینار و 12 تریلیۆن دیناریش زیادەى داهات بۆ عێراق لە ساڵى 2024 دەستەبەر دەکات.