مامی منداڵەکە: سەلامی دایەوە و کەوت
ئەو منداڵەی لەناو مزگەوتدا جەڵدەی مێشک لێیدا، گیانی لەدەستدا
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ئەو منداڵەی لە قەزای شارەزوور و لە کاتی نوێژکردنی لە مزگەوت تووشی جەڵدەی مێشک بوو، دوای تەنیا دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەی دەڵێن، هیچ نەخۆشییەکی نەبووە.
منداڵە ناوی ژیوار لەتیفە و تەمەنی 16 ساڵە، لەگەڵ دایک و باوکی لە گەڕەکی شارەوانی قەزاکە دەژین.
ئەمرۆ هەینی 27.12.2024، سەلمان کاکەوەیس، مامی منداڵەکە بە 964 وتی، “ئەو برازایەم کە لە مزگەوتی تووشی جەڵدە بووە، خوێندکاری پۆلی 10ی ئامادەییە، رۆژی چوارشەممە چووەتە مزگەوتی نور لە گەڕەکەکەیان بۆ نوێژکردن، دوای سەلامدانەوە و تەواوبونی لە نوێژەکەی کەوتووە بە زەویدا”.
کەسوکاری منداڵە و خەڵکی خانەخوێ، ژێوار- یان گەیاندووەتەوە نەخۆشخانە، پزیشکەکان بە ماڵباتەکەیان وتووە، کە ژیوار جەڵدە لێیداوە، سەلمان کاکەوەیس وتی، “ماوەی دوو رۆژە لە بەشی چاودێری ورد و لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی منداڵەکەمان ماوەتەوە، ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ گیانی لەدەستداوە”.
تەرمی منداڵەکە لەدوای مەراسمی نوێژ، لە گۆڕستانی زەڕایەن و لە تەنیش قەزای شارەزوور بە خاکدەسپێردرێ، سەلمان کاکە وەیس، باسی لەوە کرد،”ئەم کورەی ئێمە بەردەوام هاتوچۆی مزگەوتی کردووە و زۆرجار بانگی فەرمووە و خزمەتی مزگەوتی کردووە، کوڕێکی خۆشەویستی ئێمە و خەڵک و دراوسێکانی بووە، تائێستا کەسێک گلەی و گازندەی لەم کوڕەی ئێمە نەبووە، بۆیە هەمووان بەپەرۆشن و پرسەی ئێمە بەپرسەی خۆیان دەزانن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا