لە خانەقین
داواى چۆڵکردنى ناوچەى پیشەسازى مەلک شاهـ دەکرێت
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
ژمارەیەک لە کاسبکارانى ناوچەى پیشەسازى مەلک شاهـى خانەقین، دژى ئاگادارکردنەوەیان بۆ چۆڵکردنى دوکانەکانیان گردبوونەوە و داوا دەکەن لایەنى ئیدارى شارەکە خەمێکیان لێ بخوات.
کێشەى دوکاندار و کاسبکارانى ناوچەى پیشەسازى مەلک شاهـ ئەوەیە، سەرمایەدارێک ماوەى دوو مانگە ئاگادارى کردوونەتەوە کە دەبێت بە زوویى دوکانەکان چۆڵبکەن.
سامان سەباغ، یەکێک لە پشەوەرانى ناوچە پیشەسازییەکەیە، لەبارەى کێشەکەیانەوە بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”دوو مانگە ئاگادارکراوینەتەوە کە دەبێت شوێنەکانمان چۆڵبکەین، چونکە سەرمایەدارێک زەوییەکەى کڕیوە”.
عەلى ئەکبەر فەتالى، لە ناوچە پیشەسازییەکەى مەلک شاھ، کارى فیتەرى دەکات و وەک بۆ 964 باسى کرد، ماوە 20 بۆ 30 ساڵ دەبێت لەو شوێنەن و لە دواى ساڵى 2005 حکومەتى هەرێم بە فەرمى ئەو شوێنانەى پێداون، دوکاندارانیش پارەى کارەبا و ئاویان داوە بە شارەوانى.
جەختیش دەکاتەوە، ئەوان کێشەیان نەبووە، بەڵام دوو مانگە بە بیانوى کڕینى زەوییەکە، داوا دەکرێت چۆڵى بکەن.
964 کێشەى ئەو پیشەوەرانەى بردە بەردەم جەواد فەیزوڵا، قایمقامى خانەقین، ئەو بۆ 964 وتى،”بەپێى چەند بەڵگەنامەیەک بێت سەرمایەدارێک ئەو زەویانەى کڕیوە، بەڵام ئەو کارە پێناچێت یاسایى بێت بۆیە بە خاوەن دوکانەکانمان وت ئێوەش سکاڵا بکەن و ئێمەش لەرێى قایمقامییەتەوە کاردەکەین بۆ گەیاندنى بە لایەنى بەرپرس”.
ناوچەى پیشەسازى مەلک شاهـ دەکەوێتە باشورى شارى خانەقین و زیاتر لە 400 دوکان لە ناوچەکە بونیان هەیە و بژێوى ژیانى سەروو هەزار خێزانى لەسەرەو دواى ئەو بڕیارە، چارەنوسیان بە نادیارى ماوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح