"تیمەکانی تەندروستی ئامادەباشن و لەهەر حاڵەتێکدا دەگەنە سەرسەرت"
پشووی سەری ساڵ لە پاییتەخت بەئاسوودەیی بەڕێ بکە و خەمی نەخۆشکەوتنت نەبێ
964+
شۆڕش قادری
پشووی سەری ساڵی میلادی لە پاییتەختی هەرێمی کوردستان بە ئاسوودەیی بەڕێ بکە و خەمی نەخۆش کەوتنیشت نەبێ، تیمەکانی تەندروستی هەولێر لە ئامادە باشیدا دەبن و لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا دەگەنە سەرسەرت.
سامان سەلمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە 964ـی وت، “بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ، 10 تیمی پزیشکیمان ئامادە کردووە لە سنوری شاری هەولێر وەکو ئامادەباشیەک بۆ ئەگەری هەرحالەتێکی کتوپڕ و نەخوازراو”.
“بەدر لەو تیمانەی لەنێو شار جێگیر دەکرێن، تیمەکانی سەنتەری هەماهەنگی فریاکەوتنی 122 لەگەڵ تیمەکانی نێو نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان و نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لەئامادەباشیدادەبن”، سامان سەلمان وای وت.
شوێنی تیمەکانی تەندروستی لەنێو شاری هەولێر:
1.ئیمپایەر
2.فاملی مۆڵ
3.عەنکاوە
4.ماجدی مۆڵ
5.ناوبازاڕی شار (2) تیم.
6.شەقامی اسکان
7. گڕاند ماجدی مۆڵ
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەستخۆشیشی لەتیمەکانیان کرد، لە بەشی کردەپزیشکیەکان، و تەواوی پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران، لەکاتی رووماڵکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ کە بەشێوەیەکی رێکوپێک کارەکانیان ئەنجام بدەن.