عێراق: رێژەی ئەنفلەوەنزا لە ئاستێكی سروشتیدایە
“هیچ گۆڕاوێكی كۆرۆنا نەهاتووە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق یەكلایكردەوە، هیچ گۆڕاوێكی كۆرۆنا لە عێراق تۆمار نەكراوە، ئەوەشیان خستەڕوو، ئەو پەتایەی ئێستا هەیە رێژەكەی لە ئاستێكی سروشتیدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ریاز عەبدولئەمیر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە هەندێك كەناڵ و لە لایەن هەندێك كەسایەتییەوە لە دەرەوەی عێراق، باسی ئەوە كراوە ڤێرژنێكی نوێی كۆرۆنا هاتووە و پێویستە رێوشوێن بگیرێتەبەر، بەڵام لە رێگەی ئەو پشكنینانەی لە تاقیگەی ناوەندی كراون، تا ئێستا بۆمان دووپات نەبووەتەوە گۆڕاوێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەبێت، تەنیا دواڤێرژنی هەیە، كە ئۆمیكرۆنە و چەند ساڵێك پێش ئێستا بڵاوبووەوە و پەتایەكی سووكە و مەترسیدار نییە.
وتیشی، بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتای ئەنفلەوەنزا، شتێكی سروشتییە لە هەر ساڵێك و لە وەرزەكانی پاییز و زستاندا، كە وەك ساڵانی رابردووە، دووپاتیشیكردەوە “هیچ گۆڕاوێكی كۆرۆنا لە عێراقدا نییە”.
ریاز عەبدولئەمیر داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە شوێنی داخراو ئاگایان لەخۆیان بێت و دووپاتیشی كردەوە، “عێراق ئامێری پێشكەوتووی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسەكان هەیە و دووپاتی دەكەینەوە هیچ ڤێرژنێكی نوێ و ترسناكی كۆرۆنا لە عێراقدا نییە”.