وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم:
مانگی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانیی هەولێر بە دیجیتاڵی موچە وەردەگرن
964+
شۆڕش قادری
مانگی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانیی لە پارێزگای هەولێر بە کارتی بانکی و بە دیجیتاڵی موچەکانیان وەردەگرن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و موچەخۆر لە رێگای هەشت بانکەوە ناوی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشكراوە و 306 ئامێری راکێشانی پارە بەردەستە و بۆ مانگی تشرینی دووەم، نزیکەی 221 هەزار مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی موچە وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 22.12.2024 ئامارەكەی بڵاوكردووەتەوە و دەشڵێن، “بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو (مانگی داهاتوو) سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بە شێوەی دیجیتاڵی موچەکانیان وەردەگرن”.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکراشیکردووە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سود لەسەرجەم ئەو بانکە ئەهلیانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.