"جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە"
فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر: لە حەوت رۆژدا پێنج کەس بە کارەبا مردوون
964+
ئەحمەد مستەفا
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، تێبینی ئەوەی کردووە رووداوەکانی مردن بە کارەبا زیادی کردووە، هەربۆیە لە بڵاوکراوەیەکدا، سەرەڕای خستنەڕووی ئامارێکی کورت مەودا، دەڵێ مەبەستیانە هەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێ.
نەخۆشخانەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 22.12.2024 دەڵێت، لە پێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان بەپێویستی دەزانیت هۆشیاری بدەین بە هاوڵاتیانمان لەسەر نزیک بوونەوە لە کارەبا، “بەداخەوە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوو، نزیکەی پێنج هاوڵاتی بە کارەبا گیانیان لەدەست داوە”.
کەیسی ئەو هاوڵاتییانە لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراوە، فریاکەوتنی رۆژئاوا دەڵێت، رۆژ بەرۆژ ئەو حاڵەتە روو لە زیادبوونە، بۆیە پێویستە هەڵوەستەی جددی لەسەر بکرێ و هاوڵاتیان زیاتر هۆشیاربن و کەلوپەلی زیاتری خۆپارێزی بەکاربێنن لە کاتی هەرکارێک کە بەریەک کەوتنیان هەبێ لەگەڵ کارەبا، تاوەکو گیانیان پارێزراو بێت.
ماوەی رابردوو 964 داتای بەشێک لەو رووداوانەی کردووە، کە تێیدا جگە لە هاوڵاتی ئاسایی بەشێک لەوانەی کە بەهۆی کارەبا برینداربوون یان گیانیان لە دەستداوە، فەرمانبەر یان کارمەندانی کارەبا بوون، بۆیە راگەیەندراوەکەی نەخۆشخانەکە جگە لە گرنگییەکەی، دیوێکی دیکەی هۆشیاری تێدایە، و دەرخەری ئەوەیە کارەبا لێزان و لێ نەزان دەکاتە ئامانج، ئەگەر لەگەڵیدا هۆشیاریت نەبێ.