لە کەرکوک
دوو کرێکارى خەڵکى کۆبانێ بەهۆى لێچوونى غازى سۆپاوە گیانیان لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحى
نوێکردنەوە کاتژمێر 10:58 خولەک
بۆ سۆراغى ئەم هەواڵە، 964 لەگەڵ سەرچاوەیەکى متمانەپێکراوى هۆبەى پزیشکى دادى کەرکوک، قسەى کرد، بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، رووداوەکە لە 19ـى مانگ روویداوە نەک شەوى رابردوو، بەڵام دواى توێکارى بۆ تەرمەکان ئەمڕۆ لەگەڵ دەوامى فەرمى تەرمەکان رادەستى کەسوکارەکەیان کراونەتەوە.
هەواڵى پێشتر
دوو کرێکارى خەڵکى کۆبانێ لە سنوورى کەرکوک بەهۆى لێچوونى غازى سۆپاوە، گیانیان لەدەستدا و یەکێکیان باوکى چوار منداڵە.
“رووداوەکە بەم شێوەیە بووە، دوو کرێکار کە خەڵکى کۆبانێن لە ناحیەى تازە لە کەرکوک سەرقاڵى بیرهەڵکەندن بوون، دواتر بۆ پشوودان و خەوتن چوونەتە ژێر خێوەت و سۆپاى غازیان پێکردووە، بەڵام بەهۆى لێچوونى غازەوە هەردوو کرێکارەکە گیانیان لەدەست داوە”، عەبدولحەمید ئیمام محەمەد کە خەزورى یەکێک لەو کرێکارانەیە بەم شێوەیە بۆ 964 باسى رووداوەکەى کرد.
کرێکارەکان یەکێکیان ناوى (ع.ئـ) تەمەن 33 ساڵ، خێزاندارەوە و باوکى چوار منداڵە، ئەوەى تریشیان ناوى (ب،م) تەمەن 26 ساڵە و خەڵکى کۆبانێن.
بە وتەى عەبدولحەمید ئیمام محەمەد، زاواکەى ساڵانێکە کارى بیرلێدان دەکات، بەڵام کرێکارەکەى دیکە ماوەى چوار مانگە دەستیکردووە بە هەڵکەندنى بیر و شەوى رابردووش تا درەنگانێک کاریان کردووە و بژێوى ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە.
هەرچەندە عەبدولحەمید ئیمام بە 964ـى وت رووداوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ بووە، بەڵام بە وتەى سەرچاوەکەى پزیشکى دادى کەرکووک رووداوەکە بەرەبەیانى 19ـى مانگ بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح