بەڵێننامەیان پێ پڕ کردنەوە ئیتر واز لە دەرۆزە کردن بهێنن
پۆلیسی سۆران دەرۆزەکەرەکانی ناوچەکەی کۆکردەوە
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ نەهاتیبوو بۆ دەرۆزەکەرەکانی ئیدارەی سۆران، چونکە پۆلیسی ئیدارەکە هەموویانی کۆکردەوە و بەڵێننامەی پێ پڕکردنەوە کە دەست لەو کارەیان هەڵبگرن.
شەماڵ دێوالی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە لەسەر داواکاری هاوڵاتییان و فەرمانی قایمقامی ناوەندی قەزای سۆران ئەنجامدراوە، هەموو کۆتایی هەفتەیەک لە سەرجەم قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی سۆران و مزگەوت و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئەو کەسانە دەستگیردەکەین کە دەرۆزە دەکەن، چونکە دەبنە مایەی بێزارکردنی هاوڵاتییان و دیاردەیەکی ناشارستانییە.
وتیشی، دەرۆزەکەرەکان ناخرێنە زیندانەوە، بەڵکو تەنیا بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە کە دەست لە دەرۆز کردن هەڵبگرن، هەر کامێکیشییان پابەن نەبێتەوە دووبارەی بکاتەوە دەدرێتە دادگا و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لەو هەڵمەتە بەردەوام دەبن تا بە تەواوەتی ئەو دیاردەیە ناهێڵن لە سنوورەکە.