گوندی کافیا بۆردومان کرا
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەرۆکی چیا گارا بەرنادەن
964+
شۆڕش قادری
چەند رۆژێکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەرۆکی گوندەکانی داوێنی چیا گارا لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک بەرنادەن و بەردەوام بۆردومانی ناوچەکە دەکەن.
کامەران عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)بە 964ـی وت، “لە کاتژمێر 12:20 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار بە سەختی بۆردوومانی گوندی (کافیا)یان لە باشوری چیای گارا لە ناحیەی دینارتە، لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد”.
وتیشی، دەنگی بۆردومانەکان بەشێوەیەک بەهێزبوون کە هاوڵاتیانی شیلادزێ و دێرەلووکیش گوێیان لە دەنگی بۆردومانەکان بووە.
بە قسەی کامەران عوسمان، “کافیا یەکێکە لەو گوندانەی کە لەساڵی 1996ـەوە بەهۆی بۆردومان و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا چۆڵبووە و ساڵانە تەنیا لەوەرزی رنینی ترشدا هاوڵاتییەکانی دەچنەوە بۆ گوندەکە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە 20ـی شوباتی ئەمساڵ و لە کاتی رنینی ترشدا، دوو گوندنشینی کافیا بوونە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و گیانیان لەدەستدا، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا ، 18 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە و چوار هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.