پارێزگاری كەركوك وادەڵێت
“خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک دەتوانن بە كوردی وەڵامی تاقیكردنەوەكان بدەنەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگای كەركوك بڵاویكردەوە، ئەم ئێوارەیە پارێزگار پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق كردووە و لە بارەی تاقیكردنەوەی خوێندكارانی زانكۆی كەركوك و وەڵامدانەوە بە زمانی كوردی، رەزامەندی وەرگرتووە.
پەیجی فەرمیی پارێزگای كەركوك ئەم زانیارییانەی پۆست كردووە و نووسیویانە، پارێزگاری کەرکوک رێبوار تەها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دکتۆر نەعیم ئەلعەبودی ئەنجام دا و رەزامەندی راستەوخۆی وەزیری بۆ خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک و زانکۆی تەکنیکی باکوور وەرگرت، بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیان بە زمانی کوردی، بۆ ئەوانەی ئارەزووی دەکەن، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پڕۆسەی پەروەردەیی لە شارەكە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ قوتابیانی كۆلیژی یاسای زانكۆی كەركوك هاتنە سەر شەقام و ناڕەزاییان دەربڕی دژی بڕیاری زانكۆكەیان کە دەڵێت، خوێندکارانی بەشی یاسا بۆیان نییە بە زمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.12.2024 یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ لە زانکۆی کەرکوک دەستیپێکرد.