لە ناحیەی رزگاری
بەهۆی هەڵەی ماڵێکەوە ئاوی گەڕەکێک پیس بوو
964+
ژێوار خدر
تیمەکانی فەرمانگەی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.12.2024، چارەسەری پیسبوونی ئاوی گەڕەکی ئاسودەیان کرد لە ناحیەی رزگاری، کە بەهۆی شکانی بۆری ئاوی پیسی ماڵێکەوە ئاوی کۆڵانێک پیس ببوو.
سالار عەزیز، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە 964ـی وت، دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت رەنگ و تام و بۆنی ئاوی کۆڵانێک لە گەڕەکی ئاسودەی ناحیەی رزگاری گۆڕاوە، تیمەکانمان دەستیانکرد بە بەدواداچوون و دەرکەوت، هۆکاری پیسبوونی ئاوی کۆڵانەکە ئەوەبووە لە کاتی خۆیدا ماڵێکی ئەو کۆڵانە چاڵیان هەڵکەندووە بۆ بۆریی ئاوی پیسی ماڵەکەیان، بەو هۆیەوە زەبر بەر بۆریی ئاوی کۆڵانەکە کەوتووە و شکاندوویەتی و ئێمەیان ئاگادارنەکردووەتەوە.
روونیشیکردەوە، بۆریی ئاوی پیسی ماڵەکە رێک لەسەر بۆری ئاوی کۆڵانەکە شکابوو، بۆیە ئاوی مەجاری ماڵەکە دەڕۆیشتە ناو بۆریی ئاوی کۆڵانەکە و ببووە هۆی پیسبوون و گۆڕینی رەنگ و تام و بۆنی ئاوی ماڵان .
ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا کێشەکەیان چارەسەر کردووە، هیچ کەسێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بەهۆی ئاوەکەوە تووشی نەخۆشی نەبووە و هاوڵاتیانیشی دڵنیاکردەوە، لەوەی دەتوانن بەبێ خەمی ئاوەکە بەکاربهێنن، چونکە هیچ مەترسییەکی نییە و پاکە.