13 جار ئاگاداری و هۆشداری پێ دراوە
منداڵەکان بگوازنەوە؛ دایەنگەی هەنگاوی بچووک لە سلێمانی دادەخرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی دابین نەکردنی پێداویستی و کەمتەرخەمی لە دروستکردنی خۆراکی تەندروست، بەشی دایەنگەکان لە کاروباری گەشەپێدان و کۆمەڵایەتی سلێمانی مۆڵەتی کارکردنی لە دایەنگەیەک وەرگرتەوە.
بڕیارەکە دراوە پاش ئەوەی دایەنگەی ناوبراوو هەشت پابەند بوون و سێ سزای ئاگادارکردنەوەو دوو سزای هۆشداریان هەبووە.
بەپێی فەرمانی کارگێڕی، ژمارە (4466)ی رۆژی 17.12.2024، دوای سەردانکردنی لیژنەی سەرپەرشتی و بەدواداچوونی دایەنگەکان و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بڕیاریدا مۆڵەتی کارکردن لە دایەنگەی (هەنگاوی بچوک)ـی ناحکومی لە گەڕەکی مامۆستایان-ـی سلێمانی وەربگرێتەوە.
وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە دایەنگەکە پاڵپشتە بە بڕگەی 1 لە ماددەی 14ی رێنمایی دایەنگەکان، ژمارە 1ی ساڵی 2015، و بەهۆی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- بێبەشکردنی منداڵ لە دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی.
2- کەمتەرخەمی لە دروستکردنی خۆراکی تەندروست کەمتەرخەمی لە گرنگی پێدانی گەشەی تەندروستی منداڵ.
وەک بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی باسی دەکات، کاتێک بڕیارەکەیان داوە، پاش ئەوەی دایەنگەی ناوبراوو هەشت پابەند بوون و سێ سزای ئاگادارکردنەوەو دوو سزای هۆشداریان هەبووە، هەربۆیە دایک و باوکی منداڵانی ئەو دایەنگەیە ئاگاداردەکەنەوە منداڵەکانیان بگوازنەوە بۆ دایەنگەیەکی تر، چونکە ئەو دایەنگەیە مافی کارکردنی نابێت لە بەرواری دەرچوونی ئەو فەرمانەوە.
فەرمانی کارگێڕی بەشی دایەنگەکان، لە چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی؛