بەرەو هەولێر بردوویانە
دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە دوو دەبەی پڕەوە گیران
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر راگەیاند، و لەگەڵ هەردوو بازرگانەکەدا دەستیان بەسەر دوو دەبەی 35 لیتری ماددەی هۆشبەر لە جۆری (ئەسید)دا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 18.12.2024 دەڵێت، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەرین توانیان دەستبەسەر دوو دەبەی 35 لیتری ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( ئەسید )بگرن.
شەوی 17.12.2024 لەسەر بوونی زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزەکانی ئاسایش، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە ناحیەی ژاراوە، دوای روبەڕووبونەوەی چەکداری دوو بازرگانەکەی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، بە قسەی ئاسایش، تۆمەتباران بەنیازبوون ماددەکان بگوازنەوە بۆ هەولێر.
دەزگای ئاسایش دەڵێت، لەئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.