دەستیان بە كار كردووەتەوە
تەقینەوەی بالۆنەكانی ئارایشتگاكەی هەولێر بێ زیان بوو
964+
دەشتی عارف
ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی تەقینەوەی بالۆنی جوانكاری لە بەردەم ئارایشتگایەكی خانمان لە هەولێر روویدا، هیچ زیانێكی نەبوو، ئەمڕۆش دەستیان بە كار كردووەتەوە.
ئارایشتگای دانێلا بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان و هاوكات زیادبوونی فۆلۆوەرزەكانیان لەسەر سۆشیال میدیا، دوێنێ ئێوارە ئاهەنگێكیان لە بەردەم ئارایشتگاكەیان ئەنجام دا، بەڵام ئەو بالۆنانەی بۆ ئاهەنگەكە ئامادەكرابوون و شوێنەكەیان پێ رازاندبووەوە، لەناكاو تەقینەوە و بڵێسەیەكی گەورەی ئاگریان لێ هەڵسا، كە ڤیدیۆیەكی كورتی رووداوەكە لە پەیجی 964 دانراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.12.2024 پەیامنێری 964 سەردانی ئارایشتگاكەی كرد و ویستی لەگەڵ خاوەنەكەی یان كارمەندەكان قسە بكات، بەڵام ئەوان داوای لێبوردنیان كرد و ئامادەنەبوون لە بەردەم كامێرای 964 دەركەون، بەڵام ئەوەیان وت، كە هەموو ئەوانەی لە ئاهەنگەكە ئامادەبوون، سەلامەتن و كەس هیچی بەسەر نەهاتووە،
هەروەها ئەوەیان باس كرد، ئاگرەكە رێك لە كاتژمێر 3:43 خولەكی ئێوارە روویداوە و بالۆنەكان بەبێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو تەقیونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی 964 پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە كردووە و كامێرای چاودێریی شوێنەكەیان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بگەنە هۆكاری روودانی ئاگرەكە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا