"بەشێکی زۆری کێشەکانمان چارەسەر دەبن"
وەک یەکەم بەڕێوەبەرایەتی 10 ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر درا بە بەرگریی شارستانیی سۆران
964+
شۆڕش قادری
وەک یەکەم بەڕێوەبەرایەتی لە هەموو هەرێمی کوردستان، 10 ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتر درا بە بەرگریی شارستانیی سۆران و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆتۆمبێلی دیکەشیان پێدەدرێت.
رۆژی سێشەممە 17.12.2024، 10 ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری لە جۆری پیکاب میتسیۆبیشی نوێ و سفر کیلۆمەتر بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران دابینکران، بە مەبەستی باشتر راییکردنی کاروبارەکانیان.
“ئەو ئۆتۆمبێلانە خزمەتگوزارین و بۆ گواستنەوی تیمەکانمان و کەرەستە و تەرم و بریندارەکان لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکان بەکار دەهێنین”، کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران وای بە 964 وت.
وتیشی، بڕیارە بەمنزیکانە چەند ئۆتۆمبێلی دیکەی گەورە لە جۆری تۆیۆتا مێکزەمینی و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە رادەستیان بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرجار هەبووە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران بەهۆی کەمیی ئۆتۆمبێلەوە، ناچاربوون بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی و هاوڵاتیان خۆیان بگەیەننە شوێنی رووداوەکان و هەندێک جاریش درەنگ کەوتوون.
کاروان میراودەلی ئاشکراشی کرد، ئەوان یەکەم بەڕێوەبەرایەتین لە هەموو هەرێمی کوردستان کە ئەو 10 ئۆتۆمبێلەیان وەرگرتووە.