بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لە دزرانی مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان
ئەفسەرێک و دوو پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە دوو مانگ زیندانی سزا دران
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەفسەرێک و دوو پۆلیسی دارستانی گەرمیان بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لە دزرانی مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بە دوو مانگ زیندانی سزا دران.
نیوەڕۆیەکی سێشەممەی مانگی تەموزی ساڵی 2021 ئەفسەرێک و دوو کارمەندی پۆلیسی دارستان و ژینگەی کفری، لیژنەی وەرگرتنی مووچە بوون، ھاتوون لە بانکی کەلار مووچەیان وەرگرتووە، لە گەڕانەوەیان لەناو بازاڕی کەلار نزیکەی 70 ملیۆن دینار لە پارەکە دزراوە کە ھەمووی پارەکە، زیاتر لە 100 ملیۆن دینار بووە.
ھاشم عەلی، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان چۆنیەتی رووداوەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “لیژنەکە لە ئەفسەرێک و دوو پۆلیس پێکھاتبوون، لەکاتی گەڕانەوەیان لەناو بازاڕی کەلار ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاگرتووە و چوون بۆ نان خواردن، کاتێک گەڕاونەتەوە، دەبینن بەشێکی پارەکە دزراوە”.
“تا ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرنەکراوە، ئەوکات بە بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەت، نزیکەی 70 ملیۆن بۆ مووچەی پۆلیسەکان دابینکرا و مووچەکەیان پێدرا”، ھاشم عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو لیژنەیە پێکھێناوە و بەتۆمەتی کەمتەرخەمی، ئەم ھەفتەیە دادگای ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەو سێ کەسەی بە دوو مانگ زیندانیی سزا داوە.
هاشم عەلی وتیشی،”جگە لە بەندکردن، ئەو سێ کەسە سزای دواکەوتنی پلەش دەدرێن و لێپێچینەوەی دیکەشیان لەگەڵ دەکرێت”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری