كریستاڵ و ماریجوانەیان پێبووە
ئاسایشی هەولێر: دوو باندی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ ئێوارە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستگیركردنی دوو باندی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەری راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیاندراوێكدا، كە ڤیدیۆیەكی بەڵگەییشی لەگەڵدایە، ئاماژە بەوە دەكەن، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو باندی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کرد.
ئاسایش دەڵێت، باندەكان بەناوەکانی (أ ، و ، أ)و (ع ، أ ، م)و (ف ، م ، م)و (أ ، أ ، خ)و(ح ، ح ، ر) بوون و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستیان بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی (کریستاڵ و مەریجوانە) و کەلوپەلی کێشانی ماددەی هۆشبەر گرتووە.
“چوار تۆمەتبار لەوانەی ناویان هاتووە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، سوپاسی هاوڵاتیانیش دەکەین کە هەمیشە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیەکەیانن لە پێدانی زانیاری”، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر وادەڵێت.
ئەم راگەیاندراوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دوای ئەوە دێت، دوێنێ شەویش بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، دەستگیركردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە خورماڵ راگەیاند، كە لە رۆژی 12.12.2024 دەستگیری كردبوون.