لە 964 هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت
دوای کەوتنی ئەسەد بەهای تمەنی ئێرانی داڕما
964+
شۆڕش قادری
دوای کەوتنی ئەسەد و گرژییەکانی سوریا، بەهای لیرە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بەڵام لە بەرامبەردا بەهای تمەنی ئێرانی دڕاما و دابەزینی مێژوویی تۆمار کرد.
بۆ زانینی هۆکاری ئەو بابەتە 964 پەیوەندی بە کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێرەوە کرد، ئەو وتی، “دوای رووخانی رژێمی سوریا و کۆتاییهاتنی فەرمانڕوایی بنەماڵەی ئەسەد، دەسەڵاتی ئێران لە سوریا و تەنانەت لە عێراقیش لاواز بووە، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەنە”.
“لە کاتی داخستنی بازاڕدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 15.12.2024، هەر 100 دۆلارێک بە حەوت ملیۆن و 500 هەزار تمەن بووە بە حەواڵە و بە نەختیش بە نزیکەی حەوت ملیۆن و 300 هەزار تمەن”، کەیفی خۆشناو وای وت.
لەگەڵ هێرشەکەی ئیسرائیل بەهای تمەن داڕما
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە شەوی 25 لەسەر 26ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کە ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیکردە سەر ئێران و بەوهۆیەوە بۆ چەند کاتژمێرێک بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی هەشت ملیۆن تمەن بەرزبووەوە، ئەمە بۆ یەکەمجارە بەهای تمەن بەو شێوەیە دادەبەزێت و لەو ئاستەدا جێگیر بووە.