شوێنەواری دهۆک
دەدرێت بە 120 وڵات
ئەمریکا 500 هەزار دۆلار بۆ شوێنەوارەکانی عێراق و هەرێم دەبەخشێت
964+
ژووری هەواڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 100 تا 500 هەزار دۆلار تەرخان دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە باڵەخانەی مێژوویی، شوێنەواری دێرین، دەستنووسی دێرین، کۆکراوەی مۆزەخانە و شێوازەکانی دەربڕینی نەریتی کولتووری وەک زمانی رەسەن و کاری دەستی، عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە نێو ئەو شوێنانەدان، کە هاوکارییەکەیان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15.12.2024، کونسوڵخانەی ئەمریکا رایگەیاند، نێردەی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ئێستا پرۆپۆزەڵ وەردەگرێت بۆ پێدانی مینحە لە چوارچێوەی سندوقی دارایی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ پڕۆژەکانی پارێزگاریکردن لە کەلەپوور کولتوور.
هاوکارییە داراییەکە دەدرێت بە 120 وڵاتی جیهان کە لە نێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەیە.
“دەکرێت ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکان لە یەک بۆ پێنج ساڵ بخایەنێن و بۆ هەر پڕۆژەیەک لە 100 هەزار بۆ 500 هەزار دۆلار دەبەخشرێت”، کونسوڵخانەی ئەمریکا وا دەڵێت.
دەبێت پڕۆپۆزەڵەکان بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەش بکرێن و دواوادە بۆ پێشکەشکردنی داوکاری بریتیە لە 20.12.2024.
بۆ پێشکەشکردنی داواکاری کلیک لێرە بکە، ئەگەر پرسیاریشت هەبوو بینێرە بۆ ئەم ئیمەیلە: ([email protected])