لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت
لهناو بازاڕى سۆران دوكاندارێك سێ دارى تهمهن 20 ساڵى بڕیوه
964+
ژوولی عەدنان
لە ناو بازاڕی سۆران دوکاندارێک سێ داری تەمەن 20 ساڵی لە بەردەم دوکانەکەی بڕیوەتەوە بە بیانووی ئەوەی پێشی دوکانەکەی جوانتر دەربکەوێت.
جۆری دارەکان دار چنارن و نرخی هەر یەکێکیان 2500 دۆلار دەبێت لە شەقامی حەریقی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون.
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری ژینگەی سۆران بە 964ـی وت ” ئێمە بڕیارمان داوە لە سبەینێوە دەست بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەین بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن شارەوانییەوە مۆڵەتی بڕینەوەی دارەکانیان وەرگرتبێت ئەوکات ناتوانین هیچ بکەین”.
باسی لەوەشکرد کە بەخێوکردنی ئەم دارانە بۆ ماوەی 20 ساڵ پێویستی بە کات و هێز و بازووی ژینگە پارێزان بووە، پێوەی ماندوو بوون، ئێستا نابێت نەمامێک بهێنێ و لەبری ئەو دارچنارانە بیچێنێت، دەبێ سێ داری هاوتەمەنی ئەو دارانە بچێنێتەوە.
وتیشی ئەگەر لەلایەن شارەوانییەوە مۆڵەتی وەرگرتبێت ئەوا هەڵەیەکی گەورە لەلایەن شارەوانییەوە کراوە چونکە دارەکان لەسەر موڵکی گشتی بوون ، ئەگەریش مۆڵەتیان نەبێت ئەوا دەستبەجێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دادوەر بڕیاڕی لەسەر دەدات.