"لەبەر خەڵكی فەقیر هەندێک بەش دانەخراون"
نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد و دوای کەمێک پێیان وترا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
نیاز کەریم کارمەندی نەخۆشخانەی منداڵبون بە 964 وت، چیتر توانای دەوامیان نەماوە و بەبێ موچە دەوام ناکرێت.
بەڵام وتیشی، بەشە فریاگوزارییەکان بایکۆتیان نەکردووە و رەچاوی دۆخی هاوڵاتیانیش کراوە و هەندێك خەڵك هەژارن و توانای چوونە نەخۆشخانەی ئەهلییان نییە.
بە گوێرەی قسەكانی ئەو كارمەندە، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەكە بەنیازن یاداشتێك ئاراستەی سەرووی خۆیان بكەن و كێشەی بێ موچەیی و بارودۆخی ژیانی كارمەندانی نەخۆشخانەكە بخەنەڕوو.
دوو هەفتەیەك دەبێت لە بەشێك لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین بایكۆتی دەوام كراوە بەهۆی ئەوەی دوو مانگە موچە دابەش نەكراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا