"داوای یەكدەنگی لە كورد دەكات"
مەزڵوم عەبدی: بەبێ ئیدارەی خۆسەر كێشەی سوریا چارەسەر نابێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئێستا پێویستییەكی گەورە بۆ یەكگرتن و برایەتی لە نێوان گەلانی سوریادا هەیە، هۆشداریشی دا لەوەی كێشەی سوریا بە پشتگوێخستنی ئیدارەی خۆسەر لە گفتوگۆكان، چارەسەر نابێت.
مەزڵوم عەبدی بۆ كەناڵی روناهی قسەی كردووە و دەڵێت، بەشداریكردنی ئیدارەی خۆسەر لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی سوریا، كێشەی سوریا چارەسەر دەكات، وتیشی، “پێویستە كورد هەڵوێستێكی یەكگرتووی لە قۆناغی نوێی سوریادا هەبێت”.
فەرماندەی هەسەدە هیوای ئەوەش دەخوازێت، ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان هەڵوێستی هەبێت لە پێناو رێكخستنی یەكڕیزیی كورد.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، فەرماندە مەزڵوم عەبدی وتی، هێشتا مەترسییەكان كۆتاییان نەهاتووە، “داوادەكەم گەل هاوشانی هێزە سەربازییەكان بن، چونكە بە پاڵپشتی و پشتیوانی گەل، دەتوانین ئەو قۆناغە هەستیارەش تێپەڕێنین”.
عەبدی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو “ئێمە بەشێكین لە سوریا و ئاڵا و دروشمە نوێیەكانی سوریا قبوڵ دەكەین”.