نەخۆشی دەروونی هەبوو لە شەقام و كەلاوەكان رۆژی دەکردەوە
بێكەس و بێ خانە و لانە بوو؛ دوای 20 ساڵ شۆردیان بەڵام گیانی لەدەست دا
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
دوای 20 ساڵ شۆردیان و حەمامیان پێکرد، بەڵام بریا هەر دەستیان لێنەدایە، چونکە دوای شۆردنەکەی گیانی لەدەست دا.
عەباس هاوڵاتییەكی بێكەس و بێ خانە و لانە بوو، شەو و رۆژ لە كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكی شۆرجەی كەركوك بە دشداشەیەكەوە دەسووڕایەوە، شەوانە لە ناو شەقام و كەلاوەكان دەخەوت، دوای 20 ساڵ ژمارەیەک چالاکوان ویستیان خزمەتی بکەن و شۆردیان، بەڵام دوای شۆردنەکەی گیانی لەدەست دا.
ئەمین ئەحمەد، چالاكەوانێكی گەڕەكی شۆرجەیە بە 964 ـی وت، “عەباس ماوەی 20 ساڵ بوو نەخۆشی دەروونی هەبوو، دوو رۆژ بەر لەئێستا ئاگادار كرامەوە باری تەندروستی تێکچووە، دەستبەجێ لەگەڵ پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتینە لای و بردمان بۆ نەخۆشخانەی ئازادی”.
“دوای پشكنین دەركەوت عەباس بەهۆی برسێتی و سەرماوە باری تەندروستی تێكچووە، بۆیە لەگەڵ ژمارەیەک خۆبەخشی شۆرجە خواردنمان دایە و پاک پاک بە ئاوی گەرم شۆردمان”، ئەمین ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، عەباس لەو 20 ساڵەدا کە تووشی نەخۆشی دەروونی ببوو، خۆی نەشۆردبوو، دوێنی پێنجشەممە 12.12.2024 جارێكی دیكە باری تەندروستی تێكچووەتەوە، بۆیە دووبارە بردوویانەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام ئەمجارە مەرگ مەودای نەدا و ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
ئەو چالاکوانە وتی، لەبەر ئەوەی عەباس بێ کەسە، تەرمەکەی ماوەیەک لە پزیشكی دادی کەرکوک دەمێنێتەوە و دواتر هەر پزیشکی دادی بە خاکی دەسپێرن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری