تیمەکانی رێگاوبان رێگاکەیان پاککردەوە

بەشێک لە شاخی سەر رێگای بێخاڵ داڕما

964+

شۆڕش قادری

بەهۆی بارانبارین و بەستەڵەک، بەشێک لە شاخی سەر رێگای سەیرانگای بێخاڵ داڕما، بەڵام زیانی گیانی و ماددی نەبوو، تیمەکانی رێگاوبانی سۆرانیش دەستبەجێ رێگاکەیان پاککردەوە.

خوسرەت سادق بەڕێوەبەری رێگاوبانی ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ هەینی 13.12.2024 بەشێک لە شاخی سەر رێگای نێوان خەلیفان – بێخاڵ داڕما و دوای رووداوەکەش دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رێگاکەیان پاککردەوە”.

“بەهۆی داڕمانی شاخەکە، رێگاکە بەتەواوی نەگیرابوو، ئۆتۆمبێلی بچووک هاتوچۆی دەکرد، بەڵام ئەگەر پاسی گەشتیاران و تانکەر بهاتایە، کێشەیان بۆ دروست دەبوو”، خوسرەت سادق وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە هیچ زیانی گیانی و ماددی نەبووە و داڕمانی شاخەکە رەنگە بەهۆی ئەو بارانبارین و بەستەڵەکەوە بێت، کە دوو رۆژە رووی لە ناوچەکە کردووە.

سەیرانگای بێخاڵ دەکەوێتە قەزای رواندزی سەر بە ئیدارەی سۆران و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و دیمەنە جوانەکانی، یەکێکە لە ناوچە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستان و لە هەموو وەرزێکدا گەشتیاران رووی تێدەکەن، ناوەناوەش بەردی سەر شاخەکانی رێگای بێخاڵ، بەردەبنەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەکەن.

کەوتنەخوارەوەی بەردێکی گەورە لە رێگای بێخاڵ ئاستەنگی ...

کەوتنەخوارەوەی بەردێکی گەورە لە رێگای بێخاڵ ئاستەنگی بۆ هاتوچۆ دروستکردووە

بەهۆی داڕوخانی شاخ رێگای بێخاڵ داخراوە

بەهۆی داڕوخانی شاخ رێگای بێخاڵ داخراوە