چوار رۆژ ماوەکەیەتی
بە مەرج هەسەدە و گروپە چەکدارەکان ئاگربەستیان کردووە
964+
ژووری هەواڵ
گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا کە خۆیان بە سوپای نیشتمانی سووریا یاخود سوپاى سووریاى ئازاد ناودەبەن، ئاگربەستیان لە ناوچەکانى منبج و دەوروبەرى لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات راگەیاند، لەئەمرۆوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی “بەرەبەیانی ئازادی” سوپای نیشتمانی سووریا، ئاگربەستەکە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12 ـى کانوونی دووەم چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 16ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
بە گوێرە راگەیەندراوەکە، بەندەکانی رێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی و خێزانەکانیان لە شاری منبج و دەوروبەری، بەندێکی دیکەی رادەستکردنی مەزارى سوڵتان سڵێمان شا و گردەکانی دەوروبەرییەتی لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتییەوە.
هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، خزمەتگوزاریی دابەشکردنی کارەبای بەنداوی تشرین لە لایەن فەرمانبەرانی بەنداوەکەوە بەردەوام دەبێت و هەموو هێزەکانی هەردوولاش لە بەنداوەکە دەکشێنەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەکە سەرپەرشتیى کارەکانى بەنداوەکە دەکات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە هەموو لایەن پابەندی بەندەکانی رێککەوتنەکە بن، بۆ دڵنیایی لە وەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە.
راگەیاندنى ئاگربەستەکە پاش ئەوە دێت، لەگەڵ دەستپێکردنى هێرشەکانى دەستەى تەحریرى شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى، شەڕ و ئاڵۆزى لەنێوان گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا و هێزەکانى سووریاى دیموکرات لەناوچەکانى منبج سەریهەڵدا.