مافی کوردو 110 هەزار چەکدارەکەو ئیدارەی رۆژئاوا

ئەگەرێکی بەهێز هەیە هەموو هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان پێکەوە بچنە دیمەشق

964+

وریا فەتاح

هەموو شتێک بەرەو ئەوە دەڕوات رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق بەم زوانە بکەوێتە گفتوگۆو دانوستان بۆ ئەوەی شکڵ و شێوەی سوریای داهاتوو دیاری بکەن و بزانن حاڵی کورد چی بەسەردێت، بەڵام هێشتا هەندێ وردەکاری یەکلانەکراوەتەوەو ئەویش کاتی دەوێت.

ئێستا لە سوریا هێزی زۆر هەن، بەڵام دوانیان لە هەموویان کاریگەرترن، یەکەمیان فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە ئەوەی جاران دەستەی تەحریری شامی پێ دەوتراو ئەحمەد شەرعی تازەو ئەبو محەمەد جۆلانی جاران سەرپەرشتی دەکات، دووەمیشیان هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە فەرماندەیی دەکرێن، قسەو باس لەسەر ئەوەیە ئایا ئەم دوو هێزە پێک دێن بۆ بەڕێوەبردنی سوریای داهاتوو؟ ئەی رۆڵی کورد چی دەبێت.

پێکهاتە و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجومەنێک پێکدەهێنن

هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکراتە لە هەرێمى کوردستان، جا ئەم ئەنجومەنە باڵی سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە حاکمی راستەقینەی رۆژئاوای کوردستانن، دەروێش لە چاوپێکەوتنێکی 964دا باسیکرد کە ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ چوونە دیمەشق.

ئێستا نێردراوی فەرەنسا لە رۆژئاوای کوردستانە لەگەڵ هەموو هێزە جیاوازەکان بەجیا کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی قسەیەک لەسەر ئەوە بکەن چۆن بچنە دیمەشق، هۆشەنگ دەروێش دەڵێت ”قسە لەسەر ئەوە کراوە کە هەموو هێزەکان و هەموو پێکهاتەکانی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا پێکەوە ئەنجومەنێک پێکبهێنن و بۆ دانوستان بچنە دیمەشق”.

هێزێک بە دیفاکتۆ شەرعیەتی وەرگرتووە

سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە) لەناو ئەو وەفدەدا دەبێت، هۆشەنگ دەڵێت ”بەڵێ دەبێت ئەوانیش هەبن، چونکە واقیعکی نوێ هاتووەتە ئاراوەو دەبێ هەموو لایەنەکان پێکەوە دانوستان بکەن و پێکەوە بچن، پەیەدەش ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە”.

ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا لە هەرێمی کوردستانن، پارتی یەکێتی دیموکراتیش لە رۆژئاوای کوردستانن، ئەم دوو هێزە هەردوکیان کوردین، بەڵام ئەوە سیانزە ساڵ زیاترە ناکۆک و ناتەبان و پێک نایەن، بەڵام بەپێی قسەی هۆشەنگ بێت بۆ ئەم قۆناغە تازەیە ناکۆکییەکە تێدەپەڕێنن و پێکەوە دەچنە دیمەشق.

هۆشەنگ دەروێش بە 964ی وت ”واقیعێکی تازە کە سوریا هاتووەتە ئاراوە، هێزێکی تازە بە دیفاکتۆ شەرعیەتی وەرگرتووە، کوردیش دەبێت لە قۆناغی تازەی سوریا قسەیەکی هەبێت”.

چارەنووسی 110 هەزاری چەکداری هەسەدە چی دەبێت؟

سەبارەت بەوەی هێزە کوردییەکان بۆ دیمەشق داواکارییان چی دەبێت، دەڵێت ”هێشتا ئەوە یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام بێگومان داواکاری سەرەکی ئەوە دەبێت مافی کوردو هەموو پێکهاتەکانی تر لە دەستووری نوێی سوریا جێبکرێتەوە”.

964 لە هۆشەنگ دەروێشی پرسی، ئاخۆ مەزڵوم عەبدی بەمزوانە دەچێتە دیمەشق، وتی ”هێشتا قسەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەوە نییەو نازانم چۆن و کەی دەچێت”.

هۆشەنگ پێی وایە پرۆسەی بەشداری ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دیمەشق پرۆسەیەکی دورو درێژ دەبێت و هاوشێوەی ئەو دانوستانە بەردەوامە دەبێت کە چەند ساڵە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هەیەتی، دەشڵێت ”لەو دانوستانە زۆر بابەت هەیە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، وەک مافی کوردو پێکهاتەکان، چۆنێتی بەڕێوەبردنی ناوچەکە، چارەنووسی شەڕڤانانی هەسەدە، چونکە هەسەدە 110 هەزار چەکداری هەیەو دەبێت ئەوە بزاندرێت چۆن تێکەڵی سیستەمی بەرگری سوریا دەکرێنەوە”.

ئەمریکا نایەوێ تەقوتۆق لە رۆژئاوای کوردستان دروست ببێ

ئەمریکا نایەوێ تەقوتۆق لە رۆژئاوای کوردستان دروست ببێ

رۆژئاوای کوردستان بریاری دا ئاڵای نوێی سوریا هەڵبکات

رۆژئاوای کوردستان بریاری دا ئاڵای نوێی سوریا هەڵبکات