دڵى به‌شوێنه‌ فێنكه‌كان ده‌كرێته‌وه‌

له ‌سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر داره‌ ئاڵتوونییه‌كه‌ له ‌چه‌ندین شوێن ده‌چێندرێت

964+

فەرهاد حەسەن

له‌چه‌ند شوێنێكی سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر دارى (جینكۆ) كه‌ به‌ داره‌ ئاڵتوونییه‌كه‌ ناسراوه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانى توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى ده‌چێندرێت و ده‌شڵێن، له‌ شوێنه‌ فێنكه‌كان باشتر گه‌شه‌ده‌كات.

جینكۆ  (Ginkgo) دارێكی ته‌مه‌ندراى گه‌ڵاوه‌ریوە و نیشتمانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی وڵاتی چینه، ناوى‌ زانستی  (Ginkgo biloba)یە، سه‌ر به‌ خێزانی (Ginkgoacea)ـە، ره‌نگێكی ئاڵتونى زه‌ردى هه‌یه‌ و له ‌بواره‌كانی پزیشكی، ژینگه‌یی، پیشه‌سازی و خۆراكی سوودى لێوه‌رده‌گیرێت له ‌زۆر وڵاتی جیهان گرنگی بە ‌چاندنی ئەو دارە ده‌درێت.

عه‌بدولسه‌مه‌د مه‌حمود ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێر به‌ 964ـى راگه‌یاند ده‌ستیان به‌ چاندنى دارى جینگۆ كردووه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ى ده‌ستنیشانیشی ده‌كه‌ن پێویسته‌ شوێنی فێنك بن.

وتیشی “وه‌كو قۆناغى یه‌كه‌م له‌ قه‌زاى مێرگه‌سۆر ئه‌و داره‌مان چاند، له‌ چۆناغه‌كانى داهاتووش هه‌ندێك ناوچه‌ى هاوشێوه‌ى مێرگه‌سۆر بۆ چاندنى دیاری ده‌كه‌ین”.

ئه‌و ناوچه‌یه‌ى دارى جینگۆى لێ ده‌چێندرێت نابێت پله‌ى گه‌رمییه‌كه‌ى له‌ 30 پله‌ى سیلیزى زیاتر بێت، چونكه‌ به‌پێی توێژینه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ داره‌، گه‌شه‌ ناكات.

توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێر، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م داره‌ كردووه‌ و له‌وه‌ دڵنیا بووه‌ته‌وه‌ كه‌ چاندنى داره‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان گونجاوه‌ و له‌ قۆناغى دووه‌میشدا سنوورى قه‌زاى چۆمانیان له‌ ئیداره‌ى سۆران ده‌ستنیشانكردووه‌ لێی بچێنن، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ ده‌ڵێت “له‌مانگى شوباتى داهاتوودا قۆتناغى دووه‌ممان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین”.

سێ ئامانج هه‌یه‌ بۆ چاندنى ئه‌م داره‌:

یەکەم: جینکۆ دارێکی پزیشکییە و گه‌ڵاکەی بۆ چاره‌سه‌ری زۆر نه‌خۆشی به‌كاردێت لەوانە گەڕانەوەی یادەوەری (فقدان الذاكرة‌) .

دووه‌م: زیادكردنی جۆرێكی تازه‌ی داره‌، كه‌ سوودی بۆ پاکكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی كوردستان هه‌بێت، چونكه‌ دارەکە توانایه‌كی باشی بۆ هه‌ڵمژینی گازه‌ زیانبه‌خشه‌كان هه‌یه‌.

 سێیه‌م: به‌خشینی جوانییه‌كی دیكه‌ بوو به سروشتی هەرێمی کوردستان، چونكه‌ كاتێك له‌ وه‌رزی پایز گه‌ڵاكانی ده‌وه‌رێت جوانییه‌كی ئه‌فسوناوی به‌ شوێنه‌كه‌ ده‌به‌خشێت و ده‌بێته‌ هۆی راكێشانی سەرنجی گەشتیاران.

هانى جوتیاران ده‌درێت

هانى جوتیاران ده‌درێت "گۆڵدن بێری" بچێنن