"تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك نه‌یبینییوه‌"

964 زانیاری نوێ له‌باره‌ى چاره‌نووسی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى له‌ زیندانه‌كانى سوریا ده‌ركه‌وتووه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌گه‌ڵ رووخانى رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سوریا، ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان دواى 10 ساڵ له‌ بێسه‌روشوێنبوونى له‌یه‌ك له‌ به‌ندیخانه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964 ئه‌مه‌ ته‌نیا ده‌نگۆیه‌ و تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ى نه‌بینیوه‌.

پێشمه‌رگه‌كه‌، ناوى عیسا عه‌بدوڵا، خه‌ڵكی گوندى چواریۆت له‌ سنوورى ناحیه‌ى دینارته‌یه‌، خاوه‌نى شه‌شه‌ منداڵه‌ و وه‌ك باس ده‌كرێت لە ساڵى 2014 لە سنوورى پارێزگاى موسڵ لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە ده‌ستگیركراوه‌.

سه‌ربه‌ست سه‌برى، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى دینارته‌ بۆ 964 ئاشكراى ده‌كات كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ى به‌چاوى خۆی نه‌بینیووه‌ و ئه‌وه‌ى باسكراوه‌ ته‌نیا قسه‌ بووه‌ و له‌ زارى رۆژنامه‌نووسێكه‌وه‌ كراوه‌.

وتیشی “وه‌ك ئیداره‌ى ناحیه‌ خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تیمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و خۆشمان به‌رده‌وام به‌دواداچوونى بۆ ده‌كه‌ین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌سوكارى ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ ئێستا ماڵیان له‌ناو سه‌نته‌رى ناحیه‌یه‌، چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌یانه‌وێت بچنه‌ سوریا و به‌دواى ئه‌م ده‌نگۆیانه‌دا بچن، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى رێگا سنوور‌ییه‌كان به ‌تایبه‌تیش ده‌روازه‌ى سێمێلكا نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ ئه‌م وڵاته‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ ئاشكراشی كرد، كه‌ ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ وه‌كو شه‌هید ئه‌ژمار نه‌كراوه‌ به‌ڵكو وه‌كو كه‌سێكی بێسه‌روشوێنبوو تۆمار كراوه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى به‌رده‌وام چاو له‌ڕێ بوونه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناویان.

شه‌وقی عه‌بدوڵا براى ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ 964 دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا كه‌س براكه‌یانى نه‌بینیوه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ لیستێكدا ناوى چه‌ند به‌ندكراوێك خوێندراوه‌ته‌وه‌ و ناوى براكه‌شی له‌گه‌ڵ بووه‌.

وتیشی “به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێگا نییه‌ خه‌ڵكمان راسپاردووه‌ له‌ سوریا به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسی براكه‌مان ده‌كه‌ن”.

شه‌وقی له‌باره‌ى سه‌رەتاى بێسه‌روشوێنبوونى براكه‌شییه‌وه‌ ده‌ڵێت، له‌ رۆژى 2.8.2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى زومار ده‌ستگیركراوه‌ هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌رێگه‌ى موبایلێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌كردوون كه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

پێشمه‌رگه‌یه‌ك خه‌ڵاتى باشترین تیمى راهێنه‌رى سه‌...

پێشمه‌رگه‌یه‌ك خه‌ڵاتى باشترین تیمى راهێنه‌رى سه‌گ له‌ ئه‌مریكا وه‌رده‌گرێت