لە ناوچەی شوان نیشتەجێ بووە
ئەندامێکی شانەی راگەیاندنی داع*ش لە سلێمانی دەستگیر کرا
964+
شۆرش قادری
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەندامێکی شانەی راگەیاندنی داع*شی راگەیاند کە چەند خولێکی سەربازیی بینیوە و لەناوچەی شوان نیشتەجێ بووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لەشەوی 22.11.2024 لەئۆپراسیۆنێکدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی ناسنامە و شوێنی توانرا تی*رۆریستێکی شانەی راگەیاندنی داع*ش لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیربکەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەگەڵ سەرهەڵدانی گروپی تی*رۆریستی داع*ش لە عێراق (غازی سعود محەمەد) پەیوەندی بە داع*شەوە کردووە و چەند خولێکی شەرعی و سەربازی بینیوە و دواتر وەک چەکداری ئەو گروپە تی*رۆریستییە لە یەکێک لە بازگەکانی داع*ش بووە، دوای لەناوچوونی داع*ش لە عێراق رووی لە وڵاتی سوریا کردووە و لە ساڵی 2017 گەڕاوەتەوە عێراق و لەهەرێمی کوردستان لە ناوچەی شوان نیشتەجێ بووە و شوانی کردووە و پاشان بەمەبەستی کارکردن چووەتە قەزای بازیان”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ئەو ئەندامەی داع*ش جارێکی تر وەک ئەندامی شانەی راگەیاندن بەیعەتی بەو گروپە داوە و بەمەبەستی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان چەند گرتە ڤیدیۆییەکی بارەگا سەربازییەکانی حکومەتی عێراق و قەزای چەمچەماڵی تۆمارکردووە، بەناوی ویلایەتی سلێمانی و کەرکوک ناوی بردوون و لەتۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاویکردووەتەوە.
دوای لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونی تیمە تەکنیکی و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکراوە و لەئێستادا بەماددەی 2ـی تی*رۆر راگیراوە و رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.