ئێستا گەنمی رەقەم چواری هەولێر دەچێنن
جوتیارانی دەشتی هەریر بنەتۆی گەنمەکەیان گۆڕیوە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
جوتیارانی دەشتی هەریر بنەتۆی گەنمەکەیان گۆڕیوە و لەم ساڵانەی دوایی دەستیان کردووە بە چاندنی گەنمی “رەقەم چواری هەولێر” کە بڕشتترە و پێویستی بە بارانێکی کەمترە.
کەم بوونەوەی باران هۆکاری سەرەکیە بۆ گۆڕینی بنەتۆی گەنم لە دەشتی هەریر، سێ ساڵە گەنمی رەقەم چواری هەولێر دەچێنن ساڵ بە ساڵیش جوتیاران زیاتر روو لە چاندنی ئەم جۆرە گەنمە دەکەن و کشتوکاڵی هەریریش دەڵێت، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ %80 زیاتر گەنمی دەشتی هەریر لە جۆری گەنمی رەقەم چواری هەولێر بێت.
ئەسعەد سوارە، جوتیارێکی دەشتی هەریرە بۆ 964 وتی، ”ئەمساڵ گەنمی رەقەم چواری هەولێرم کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر بارانیش کەم ببارێت کێشەمان بۆ دروست نەبێت”.
فەریق حەسەن، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی هەریر، لەسەر ئەو بابەتە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ”گەنمی رەقەم چواری هەولێر، لە هەولێر بەرهەم هاتووە، بەرهەمی توێژینەوەی وەزارەتی کشتوکاڵە، زوو پێدەگات و کەمی باران لە پایز و بەهاران کاریگەری نابێت لەسەر بەرهەمەکە”.
وەک کشتوکاڵی هەریر باسی دەکات، ئەمساڵ 230 تۆن گەنمی رەقەم چواری هەولێر بەسەر جوتیارانی دەشتی هەریر دابەش کراوە، کە مەبەست لێی هاوکاری کردنی جوتیارانە دواتریش هەر تۆنێکی بە 875 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.
دەشتی هەریر، یەکێکە لە ناوچە بە پیتەکانی هەرێم، بۆ کاری کشتوکاڵی و چەندین بەروبومی کشتوکاڵی جۆراوجۆری لێ دەچێندرێت، ساڵانە 70 هەزار دۆنم زەوی لە دەشتی هەریر بە گەنم دادەچێندرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر