وێنەى کارگەیەکى ریسایکلین لە هەرێمى کوردستان...وێنە: 964+
لە هەموو هەرێمى کوردستان بەشدارى دەکەن
لە دژى قەدەغەى هەناردەکردنى بەرهەمەکانیان خاوەن کارگەکانى پلاستیک گردەبنەوە
964+
وریا فەتاح
بڕیارە سبەینێ بازرگان و خاوەن کارگەکانى پلاستیک و ریسایکلین لە دژى رێگریکردن لە هەناردەکردنى بەرهەمەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات و ناوەڕاست و باشورى عێراق، لە هەولێر گرد ببنەوە.
کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە، لە 1.11.2024ـەوە، بە بڕیارێک رێگرى لە کارگەکانى پلاستیک کراوە بەرهەمەکانیان رەوانەى دەرەوەى وڵات بکەن، بەو هۆیەوە کارگەکان توشى قەیران بوون.
بڕیار کاوە، نوێنەرى گشتى گروپى دۆستى ژینگە و خاوەن کارگەى ریسایکلین بە 964ـى وت،” بڕیارە سبەینێ کاتژمێر 11:00، لە بەردەم گومگرى هەولێر، وەک خاوەن کارگەکانى پلاستیک لە هەرێمى کوردستان، گردبوونەوەیەک دژى رێگریکردن لە هەناردەکردنى بەرهەمەکانمان بۆ دەرەوەى وڵات، ئەنجام بدەین”.
وەک باسى دەکات، لە مانگى 11ـى ئەمساڵەوە رێگریان لێکراوە بەرهەمە پلاستیکییەکانیان رەوانەى دەرەوەى وڵات و تەنانەت کەرکوک و شارەکانى دیکەى عێراق بکەن، وەکخۆى دەڵێت ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى بەرهەمى زۆریان لەسەر کەڵەکە ببێت و نەتوانن ساغى بکەنەوە.
964 لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە زانیویەتى، هۆکارى رێگریکردن لە هەناردەى بەرهەمى کارگەکانى پلاستیک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کۆمپانیایەک (کە ناوەکەى لاى 964 پارێزراوە) دروستکراوە و دەیەوێت هەموو موادە بەرهەمهاتووەکانى ئەو کارگانە کۆبکاتە، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆمپانیایە کە مۆڵەتى حکومەتى هەرێمى هەیە، نە مواد و بەرهەمەکانى ئەو کۆمپانیایە وەردەگرێت، نە رێگە دەدات کۆمپانیاکان بەرهەمەکانیان هەناردەى دەرەوە بکەن.
لە ئێستادا کارگەکانى پلاستیک لە هەرێمى کوردستان گەشەى زۆریان بەخۆیانەوە بینیوەو هەموو جۆرەکانى پلاستیک و کەلوپەلە خۆراکییەکانى پلاستیک بەرهەمدەهێنن و لە رابردوو بەرهەمەکانیان هەناردەى هەریەک لە وڵاتانى، ئێران، تورکیا، سوریا و باشور و ناوەڕاستى عێراق کردووە، بەڵام بەهۆى دروستبوونى ئەو کۆمپانیایە لە مانگى 11ـەوە، رێگرى لە هەناردەى کۆمپانیاکان کراوە و تەنیا دەتوانن لە ناوخۆ ساغى بکەنەوە.
“ئەگەر رێگریمان لێبکەن بەرهەمەکانمان رەوانەى دەرەوەى وڵات بکەین، ناتوانین بمێنینەوە، چونکە لەماوەى بڕیارەکەوە تائێستا تەنیا لە کارگەکەى خۆمان 400 تۆن موادمان بەسەردا کەڵەکە بووە، ئەمە هەم لەرووى داراییەوە زیانى لە ئێمەداوە کە ژمارەیەکى زۆر خێزان لەسەر ئەو بەرهەمانە دەژین، هەم لەرووى ژینگەییەوە ئەگەر ئێمە کەلوپەلە بەکارهاتووەکان وەرنەگرین بازاڕ و کۆڵانەکان توشى کەڵەکەبوونى ئەو موادانە دەبن”، بڕیار کاوە واى وت.