جوڵەى بازرگانى لە سنوورى نێوان عێراق و سوریا...وێنە: ئەرشیف
دواى بەشار
پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان عێراق و سوریا چى بەسەر دێت؟
964+
وریا فەتاح
پسپۆڕێکى ئابوورى عێراقى پێى وایە، دواى رووخانى رژێمى بەشار ئەسەد، ئەگەر هەیە عێراق جێگەى ئێران بگرێتەوە لە دابینکردنى پێداویستییە نەوتییەکانى سوریا.
ئەمڕۆ سێشەممە، نەبیل مەرسومى، پسپۆڕى ئابوورى لە بارەى چارەنوسى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی نێوان عێراق و سوریا، لە پۆستێکدا زانیارى نوێى ئاشکرا کردووە و دەڵێت: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و سوریا زۆر سنووردارە، بەو پێیەی هەناردەی سوریا بۆ عێراق کە لە دەسەڵاتی گشتی گومرگی عێراق تۆمارکراوە لە ساڵی 2023دا لە 58 ملیۆن دۆلار تێپەڕناکات، بە بەراورد بە هەناردەکردنی عێراق بۆ سوریا کە بەهای 27 ملیۆن دۆلار.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای وەستانی چاوەڕوانکراوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ سوریا، ئەگەری ئەوە هەیە عێراق جێگەی ئێران بگرێتەوە لە دابینکردنی پێداویستییە نەوتییەکانى سوریا، لەوانەش نەوتی رەش و نەوتی سپی بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەی کارەبا.
هەروەک رەخنەى لە عێراق گرتووە لە بارەى نۆژەنکردنەوەى بۆرییە نەوتییەکەى کە بە خاکى سوریادا تێدەپەڕێ و لە تۆڕى ئێکس نوسیویەتى،”بیرکردنەوە لە دووبارە نۆژەنکردنەوەى بۆرى نەوتى عێراق- سوریا، هەڵەیەکى گەورەیە، چونکە بۆرى نەوت پێویستە بە وڵاتێکدا بڕوات كە لە رووی ئاسایش و سیاسییەوە سەقامگیر بێت.
ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە سوریا تووشی قورسایی سزای ئابووریی بەرفراوان بووەتەوە، کە لە ئەنجامی ململانێ ناوخۆییەکان و سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو لەلایەن زلهێزە نێودەوڵەتییەکانەوە سەپێنراون.
ئەم گەمارۆیانە کە کەرتە گرنگە جۆراوجۆرەکانی لەخۆگرتبوو، قەیرانی ئابووریی لەو وڵاتە قووڵتر کردەوە، لەگەڵ داڕمانی دراوی ناوخۆیی و پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی و ماندووبوونی ژێرخانی ئابووری، ئەمەش بووە هۆی بێزارییەکى گەورە بۆ خەڵکى ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ لەگەڵ کەوتنى ئەسەد، پرسیارى سەرەکى لە بارەى داهاتووى ئابوورى ئەو وڵاتەوەیە، ئایا ئەم سزایانە لادەچن یان وەک ئامرازێکى گوشار لەسەر حکومەتى نوێ دەمێنێتەوە، هەرچەندە بەرزبوونەوەى لیرەى سورى ئەگەرەکانى بەردەم هەڵگرتنى سزاکانى ئاسان کردووە.