گەڕەکی پرتەقاڵ
ماڵی دوو دار پرتەقاڵی هەیە
964+
هیڤی دێوالی -دهۆک
یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری دهۆک بە گەڕەکی پرتەقاڵ ناسراوە، چونکە هەر ماڵێک لەسەر کەی دوو دار پرتەقاڵی هەیە، جۆری خاک گەڕەکەکە بەپیتە و بۆ میوەی پرتەقاڵ و لیمۆ و نارنج گونجاوە.
گەڕەکی گرێباسێ لە ساڵی 1970 درووستکراوە و هەر لەوکاتەوە خاوەن خانووەکان پڕیانکردووە لە دارپرتەقاڵ و لیمۆ و نارنج و زەیتوون، ئەمەس بەهۆی گونجاوی خاکەکەیەوە بووە.
لوسن ئەنویا ، پیاوەکی تەمەن 78ساڵە و کریستیانەکی گەڕەکی گرێباسێ بە 964ـی وت ،لەکاتی دروستکردنی خانووەکەم لەساڵی 1970 ، پێیانگوتم دارپرتەقاڵ بچێنم، تا ئێستاش چوار دارپرتەقاڵ و دارێکی لیمۆم هەیە و زیاتر لە 30 کیلۆ بەرهەمیانە.
بەیان مزیروی ، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی گرێباسی بە 964ـی وت ، زیاتر لە 50 ساڵە لەم گەڕەکە دەژیم و هەموو ماڵێکی ئەم گەڕەکە دار پرتەقاڵ و لیمۆی تێدایە. گەڕەکەکەمان بە دارەکانی پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی بەناوبانگە .
گەڕەکی گرێباسێ یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی ناوەندی شاری دهۆک و زۆربەی دانیشتوانەکەی موسڵمان و مەسیحین. زیاتر لە دوو هەزار ماڵ تێیدا هەن ، هەر ماڵێک نزیکەی دوو داری پرتەقاڵیان هەیە .
پێداچوونەوە – ژوولی عەدنان