20 تا 25مینە لەجیهاندا
عێراق لەڕووی گەندەلێیەوە پلەکانی پێشەوەی گرتووە لەجیهاندا
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
سەرۆکی ئەنجومەنی دەستەی دەستپاکی لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، ئامارەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، ئەمڕۆ دووشەممە 9.12.2024 کە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “تا ئێستا گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەڕەشەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، سەرەڕای هەوڵەکان، عێراق ئێستاش لە ریزبەندی 20 تا 25ـەمین وڵاتە کە زۆرترین گەندەڵی تێدا دەکرێت”.
وتیشی، ئەمساڵ 573 داوای یاسایی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 223 داوای یاسایی رەوانەی دادگا کراون”.
ئەحمەد ئەنوەر وتیشی، ” لەئێستادا لێلکۆڵینەوە لە هەزار و 47 حاڵەت دەکرێت، کە بەشێکیان هی ئەمساڵن و بەشێکیشیان بۆ ساڵانی رابردوو دەگەرێنەوە”.
دەستەی دەستپاکی هەرێم، هەشت ساڵە دامەزراون، ژمارەیان 22 لێکۆڵەرە و لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک کاردەکەن و چاودێری دامەزراوەکان دەکەن و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کەسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان دەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر