لە هەولێر
کونسوڵخانەی بەریتانیا و ئیتالییەكان خول بۆ ئەفسەرە باڵاكانی پێشمەرگە دەكەنەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، بەشداری خولی پێشکەوتووی سەرکردایەتی دەکەن، كە لە لایەن كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر سازكراوە، هەروەها ژمارەیەكی دیكەشیان كۆتاییان بە خولێكی زمانی ئیتالی هێنا، كە لە لایەن هێزەكانی ئیتالیا لە كوردستان رێكخرابوو.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 8.12.2024 ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارییان لە خولی پێشکەوتووی فەرماندەیی کرد، کە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئەکادیمیای بەرگریی شانشینی یەکگرتوو لە هەولێر رێکیخستووە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، خولەكە هەفتەیەك دەخایەنێت و خولی پێشكەوتووی (Senior Leadership Program) دەبێت، كە بابەت و بەرنامەی سەرکردایەتی سەردەم و ستراتیژیی و دەستپاکی و چۆنیەتی بەرپاکردنی شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی دەخوێنن.
وانەكانی خولەكە لەلایەن مامۆستایانی ئەکادیمیای بەرگریی نیشتیمانی شانشینی یەکگرتوو بۆ بەشداربووان دەوترێنەوە.
خولی زمانی ئیتالی
هەر ئەمڕۆ یەكشەممە خولی فێربوونی زمانی ئیتالی لە هەولێر كۆتایی هات، كە ژمارەیەک ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار بوون و لە لایەن هێزەکانی ئیتالیا رێكخرابوو.
رێوڕەسمی کۆتایی خولەكە لە بەشی تەکنەلۆجیا و زمانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەكەدا لیوای ئەندازیار نەبەز سەڵاح بەڕێوەبەری چاکسازی و کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتێ، فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.