لە ''علوج''ـەکەی عێراقەوە بۆ ''علوج''ـەکەی سوریا
بۆ هەتا هەتایە حیزبی بەعس کۆتایی هات.. دوا ساتەکانی بەغداو دیمەشق لەیەک دەچوون
964+
ژووری هەواڵ
بۆ هەتا هەتایە شتێک نەما بەناوی حیزبی بەعس، بەر لە 21 ساڵ بەعسەکەی عێراق تەواوبوو، ئەمڕۆش حیزبی بەعسی سوری کۆتایی پێهات.
رووداوەکانی سوریا زۆر خێرابوون، بەڵام دیمەنی دوا ساتەکانی هەردوو بەعسەکە لەیەک دەچوون، لە نیسانی 2003 هەر ئەوەندەی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتنە ناو بەغدا، خەڵکی شارەکە چوونە گۆڕەپانی فیردەست و بە کەوتنی پەیکەرەکەی سەدام کۆتایی بە دەسەڵاتی بەعسی عێراق هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە دیمەنێکی هاوشێوەدا خەڵکی دیمەشقی پایتەخت لە گۆڕەپانی ئومەوییەکان کۆبوونەوەو لەوێوە ئاهەنگیان گێڕا بۆ کەوتنی بەعسەکەی سوریا.
حیزبی بەعس هەشتا ساڵ لەبەوبەر وەک هێزێکی نوێ و کاریگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوت، بەڵام بە هەشت رۆژ کۆتایی پێهات.
هەتا دوا ساتەکانی کەوتنی بەعس لە عێراق، محەمەد سەعید سەحاف کە خەڵک ناویان نابوو (علوج) لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا ئەوەی رەت دەکردەوە رژێمەکەی سەدام نزیک بێت لە کەوتن و دەیوت بەغدا ناکەوێت.
هەمان دیمەن لە سوریاش دووبارە بووەوە، وەزیری ناوخۆ لە شەقامەکان دەگەڕاو دەیوت دیمەشق ناکەوێت، تەلەفزیۆنی فەرمی سوریاش لە سەرشەقام خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەسەدی دەگواستەوەو خێرا خێراش دەینوسی ”دیمەشق سەلامەتەو سەرۆک کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێت.
بەشار ئەسەد هەتا دوا ساتەکانی حوکمی لەوڵاتدا پشتی بەئێران و روسیا و حیزبوڵا و حەشدی شەعبی بەستبوو، بەڵام لە سیناریۆیەکی شۆک هێندا هەموویان بەیەکەوە جێیان هێشت و لە چوارشەممەی پێشووترەوە هەر ئەوەندەی حەلەب کەوت دانە دانە شارەکانی تر کەوتن و بەکەوتنی دیمەشقی پایتەخت کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی ئەسەد هات.