بانکی ناوەندیى عێراق و خەزێنەی ئەمریکا رێککەوتن دینار جێگیر بکەن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بانکی ناوەنديی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رێککەوتن هەماهەنگی بکەن بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
لە تورکیا عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەنديی عێراق لەگەڵ براین نێلسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی کۆبووەوە و قسەیان کردووە لەبارەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئاسۆیەک کە ببێتە مایەی جێگیرکردنی بەهای دینار.
بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت “وەفدی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئاسایشی ئابووری عێراق دەربڕیوە” ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا.
بانکی ناوەنديی عێراق ھەروەھا دەڵێت “وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا نەرمی نواندووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، راشیگەیاندووە، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.”
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ بایدن بەڵێنیداوە کە وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە پاراستن و پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوی هەردوولا لەسەر پەیوەندییەکە، سودانی داوای لێکردووە هاوکارییان بکات لە جێگیرکردنی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار، جۆ بایدنیش وەڵامەکەی ئەرێنیی بووە.
نزیکەی دوو مانگە نرخی دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقی گرانە، دوو رۆژیشە نرخی 100 دۆلار لە سەرو 170 هەزار دینارە، کە ئەوە بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا.