ئەمریكا بۆ هاوڵاتیانی خۆی
“دەستبەجێ سوریا جێبهێڵن”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاوڵاتیانی خۆی دەكات لە سوریا، ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوانەشی دەمێننەوە پێویستە پلانی فریاگوزاری ئامادە بكەن.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ شەممە 7.12.2024 بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەكات دەستبەجێ سوریا جێبهێڵن و ئاماژەی بە پەرەسەندنی توندی پێکدادانی چەکداری لە سەرتاسەری وڵاتەکە دەكات، كە پێیان وایە ئەمەش وایکردووە دۆخی ئەمنی ناسەقامگیر و پێشبینینەکراو بێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا، کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: وەزارەتی دەرەوە داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکات هەرئێستا سوریا جێبهێڵن، كە گەشتی بازرگانی لە دیمەشق بەردەستن.
روونیشیکردەوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە مانەوە هەڵدەبژێرن یان ناتوانن بچنە دەرەوە، پێویستە پلانی فریاگوزاری ئامادەبکەن بۆ رووبەڕووبونەوەی بارودۆخە سەختەکان و ئامادەبن بۆ ماوەی درێژخایەن لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە، ئەگەر پێویست بکات.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەو پێشکەوتنانە دێت کە گرووپە چەکدارییەکان لەسەر خاكی سوریا بەدەستیان هێناوە و شار دوای شار كۆنتڕۆڵی دەكەن، هەروەك چۆن بەرەبەیانی ئەمڕؤ شەممە کۆنتڕۆڵی تەواوی خۆیان بەسەر شاری دەرعادا راگەیاند.