کاتى کردنەوەى دیارنییە
لە سبەینێوە رێگاى باعەدرێ بۆ دهۆک دادەخرێت
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بەهۆى دروستکردنى ئۆڤەرپاسى باعەدرێ، لە سبەینێ شەممەوە، رێگاى باعەدرێ بۆ دهۆک دادەخرێت، هاتوچۆى شێخانیش دەڵێت، کاتى کردنەوەى رێگاکە دیارنییە.
رێگاى باعەدرێ بۆ دهۆک، پڕۆژەیەکى جوتسایدى مۆدێرنە و درێژییەکەى 26 کیلۆمەترە و سێ ئەندەرپاس و دوو ئۆڤەرلەخۆى دەگرێت و بڕیارە لە داهاتوودا بۆى دروستبکرێت.
ئەمرۆ هەینى، دڵشاد محەمەد وتەبێژى هاتوچۆى قەزاى شێخان بە 964ـى وت،”سبەینێ بۆ ماوەى چەند هەفتەیەکى درێژ رێگاى سەرەکى ناحیەى باعەدرێ بۆ دهۆک دادەخرێت، بەهۆى فراوانکردنى رێگایەکە، دروستکردنى ئۆڤەرپاسێک و رووخاندنى گەلییەکە و مەترسى داڕمانى گرد و بەردە گەورەکان، بۆ ئەوەى مەترسى لەسەر هاوڵاتیان دروست نەبێت”.
وەک باسى دەکات، لە کاتى داخستنى رێگاى باعەدرێ بۆ بازگەى بەدرێک، رێگاى جێگرەوە دەبێت بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان.
“تا ئێستاش کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە دیار نییە و نازانین کەی تەواو دەبێت، سبەینێ لەگەڵ کومپانییای جێبەجێکار قسە دەکەین لەسەر پرۆژەکە و ماوەى داخرانى رێگاکە”. دڵشاد محەمەد وای وت .
ناحیەی باعەدرێ دەکەوێتە قەزای شێخان سەربە پارێزگای دهۆک .
پێداچوونەوە: وریا فەتاح