ئەلقوش .. “رێگای مەرگ” ده‌كرێت به‌ دووساید

964+

زەید کۆچەر- دهۆک

بڕیار ده‌رچووه‌ رێگاى مه‌رگ له‌ ناحیه‌ى ئه‌لقۆشه‌وه‌ بكرێت به‌ دووساید، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کەش ئامارى ئه‌و رووداو و قوربانیانه‌ باس ده‌كات كه‌ تا ئێستا به‌هۆى خراپی ئه‌م رێگایه‌ روویانداوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، جادەی سەرەکی نێوان دوڕیانی باعەدرێ – بەدریک – ئەلقوش، به‌ رێگاى مه‌رگ ناسراوه‌، هاموشۆیه‌كی زۆرى ئۆتۆمبێلی بارهەلَگرى به‌سه‌ره‌وه‌یه،‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى لە سالَی 2005 ه‌وە بووه‌ته‌ رێگای بازرگانی نێوان وڵاتی تورکیا و عێراق.

لارا زارا یوسف ئیسحاق، بەڕێوه‌بەری ناحیەی ئەلقوش بە تۆری 964 راگەیاند: رێگاى سەرەکی نێوان ئۆڤەرپاسی باعەدرێ تا بەدریک – ئەلقوش کە 22 کیلۆمه‌تره‌، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەى عێراق کاری دووسایدكردنه‌كه‌ى لەسەردەکرێت” .

ئەوەشی خسستەڕوو، كه‌ بڕیاره‌ لە سەرەتای مانگی ئادار دەست به‌كاره‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بكرێت، وتیشی “ئه‌و گوژمه‌یه‌ی كه‌ بۆی ته‌رخانكراوه‌، بریتییه‌ له‌ 39 ملیار دینار”.

بەقسەی بەڕێوه‌بەری ناحیەی ئەلقوش، ژماره‌یه‌كی زۆر رووداوى هاتوچۆ به‌هۆى خراپی ئه‌و رێگایه‌ى له‌ رابردوودا روویانداوه‌ له‌وانه‌ش لەساڵی 2022 له‌ دوو رووداوی هاتووچۆدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ ته‌نیا  لەساڵی 2022 لەم رێگایە 150 روودانی هاتوچۆ روویانداوە و لەکۆی ئەم رووداوانە زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لە 70 کەسیش برینداربوون.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن