32 سمیناریان پێشكه‌ش كردوون

كه‌مپینى “سه‌لامه‌تى دیجیتاڵى” سه‌دان كچ و ژنى له‌ هه‌ولێر و سۆران كۆكرده‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

زیاتر له‌ 10 رۆژه‌ كاره‌كانى کەمپینی سەلامەتی دیجیتاڵی بەردەوامە، كه‌مپینه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیپێكردووه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری كه‌مپینه‌كه‌ش ده‌ڵێت، سه‌دان كچ و ژنمان له‌و بابه‌تانه‌ سوودمه‌ند كردووە كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ بابه‌تى توندوتیژییه‌وه‌ هه‌یه‌.

كه‌مپینه‌كه‌، له‌لایه‌ن بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر، له‌ رۆژى 25.11.2924 ده‌ستیپێكردووه‌.

دڵان ئیسماعیل، سه‌رپه‌رشتیاری كه‌مپینه‌كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێری و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ 964ـى راگه‌یاند سنوورى چالاكى و كاركردنى كه‌مپینه‌كه‌یان به‌ته‌نیا له‌ناو سه‌نته‌رى هه‌ولێر نییه‌، به‌ڵكو بۆ ئیداره‌ى سۆران، كۆیه‌، شه‌قڵاوه‌ و مه‌خموریشی گرتووه‌ته‌وه‌.

وتیشی “له‌ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌دا تواندراوه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانمانه‌وه‌ 32 سمینار پێشكه‌شی قوتابیان و خوێندكارانى كچ و سیمینارى تایبه‌تیش بۆ ژنان سازبكه‌ین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ى هه‌زار و 800 كچ و ژن سوودمه‌ندى سیمیناره‌كانیان بوونه‌ و ئامانجى سه‌ره‌كى كه‌مپینەكه‌ش‌ خۆپاراستنه‌ لە هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ ئەلیكترۆنیه‌كانه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێریش له‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ چالاكی جۆراوجۆرى هه‌بووه‌ و هه‌ردوولاش به‌رده‌وام ده‌بن تاوه‌كو هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كۆتایی پێدێت.

کەمپینێک بۆ توشبووانى شێرپەنجەى مەمک راگەیەنرا

کەمپینێک بۆ توشبووانى شێرپەنجەى مەمک راگەیەنرا