پڕۆژەیەکی ئاو بە تەواو نەکراوی جێهێڵراوە
بەهۆی کەمئاوی سەدان دار هەنار لە گوندەکانی زاخۆ لەناوچوون
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کەمئاوی زیانی زۆری بە جوتیاران و باخەوانانی گوندی ئەرمشتێ لە سنووری زاخۆ گەیاندووە و بەوهۆیەوە بە سەدان دار هەنار لەناوچوون.
وەلید ئەرمشتێ جوتیارێکی گوندەکە بە 964ـی وت، “ساڵانی رابردوودا 12 دۆنم زەوی هەنارم هەبوو و ئەمساڵ بەهۆی کەمئاوییەوە سێ دونمی لەناوچووە و تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بووین”.
لەوبارەیەشەوە ئەدیب جەعفەر بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە سنوری زاخۆ بە 964ـی وت، “وەک حکومەت گرنگی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆ دەدەین، بۆیە بەجددی لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەیانـداین”.
وتیشی، “پڕۆژەیەکی ئاو بە تەواو نەکراوی جێهێڵراوە، ئەو پڕۆژەیە تەواو دەکەین و ئاویان بۆ رادەکێشین بۆ ئەوەی بەردەوام بن و بەرهەمی باشتریان هەبێت”.
گوندی ئەرمشتێ سەر بە ناحیەی رزگارییە و لە باشورەوە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری زاخۆوە دوورە، گوندێکی کشتۆکاڵیە و زۆرترین بەرهەمی جوتیارانیش هەنارە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری