چاڵوچۆڵی کۆڵان و شەقامەکان پڕدەکەنەوە
کارگەیەکی ریسایکلینی قیر لە هەولێر دادەمەزرێت
964+
ژوولی عەدنان
ئەمڕۆ سێشەممە 3.12.2024 سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چاڵ و چۆڵی شەقامەکانیان پڕکردەوە و بەم نزیکانە کارگەیەکی قیری دیکەی ریسایکلین دادەمەزرێنن.
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە تیمەکانی شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگەی قیری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ چاڵەکانی کۆمەڵێک کۆڵان و شەقامیان چاککردووەتەوە.
کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ی وت، کۆڵان و شەقامەکانی گەڕەکی خانەقاو زانایان و کوێستان و کوردستان و نازناز و شەقامی 30 مەتری و هەولێری نوێ و بێتواتەی نوێ و گەڕەکی 99 و دێی زانکۆ و بەشێک لە شەقامی 100 مەتری نزیک گەڕەکی باداوە چاککراوە”.
وتیشی کە ئەوان ”قیری کارگەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەکاردەهێنن ولە پلاندایە کارگەیەکی دیکەی قیر دابمەزرێنن، ئەم کارگەیە ریسایکلینی قیریش دەکات”.
باسشی لەوە کرد کە تیمەکانیان بە بەردەوامی کار دەکەن و ” سەرەتا شەقامە سەرەکییەکان چاک دەکەن پاشان لاوەکی و کۆڵانەکان”.