“زۆر موسەیتەرم لە ماڵەوە و قاپەکانیش بە ئاوی گەرم دەشۆم “
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
ئەحمەد رەئوف و رێبوار رەحیم سەریان ناوە بەسەری یەکەوە پڕۆژەی زەخمیان بەدەستەوەیە و لە ترسی چاوی پیس نایدرکێنن.
رێبواری بەرنامەی بەرنامە و ئەحمەد رەئوفی بەزمی بەزم پێکەوە مقۆمقۆیان بوو، پەیامنێری 964 ئەم هەلەی قۆستەوە گەیشتە لایان، هێشتا پرسیاری گەرمی نەکردبوو، هەردووکیان بە چیرۆکە کۆمیدی و قسە خۆشەکانیان دەستیاپێکرد، رێبوار رەحیم دڵخۆشبوو پێی وتین، ئەم هەموو کەناڵ و میدیایە لە کوردستان هەیە و تەنیا ئێوە لێتان پرسیوم، پڕۆژەی گەورەشمان بەدەستەوەیە بەڵام پێمانەوە نایەت و باسی ناکەین.
هەردوو هونەرمەند لە ئێستادا کار بۆ چەند بەرهەم و درامایەکی نوێ دەکەن، وەک خۆیان باسی دەکەن نیازیانە هانی زیاتری گەنجان بدەن لە بوارەکەدا، هەرچی هێنامان و بردمان هیچیان دەربارەی کارەکەیان ئاشکرایان نەکرد و ئەحمەد رەئوفیش بە تەنزەوە وتی، بۆ رێزانی هاوسەرم دەبینن و من نابینن، لەبیری مەکەن لە ماڵەوە زۆر موسەیتەرم و قاپەکانیش بە ئاوی گەرم دەشۆم.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح