بەشێکی شەقامەکانی کۆیە لە یەکسایدەوە دەکرێن بە دووساید

+964

گۆڤەند فەتاح -کۆیە

دوای نزیکەی 30 ساڵ بەشێک لە شەقامەکانی کۆیە لە تاکسایدەوە دەبن بە دووساید، ئەو شەقامانە تەنیا رێگەی چوونیان هەیە و هاتنەوەیان قەدەغەیە، هاتوچۆی کۆیەش لە ناوبازاڕی قەزای کۆیەوە دەستیپێکرد و شەقامەکەی کرد بە دووساید.

ئەو شەقامانەی دەکرێن بە دووساید، تەواوی شەقامی گشتیی ناوبازاڕە لەگەڵ شەقامی بەردەم کتێبخانەی گشتی بۆ فلکەی سەوز، بە هۆی کەمی فراوانی شەقامە تاکسایدەکانەوە، لە رابردوودا شارەوانی شەقامەکانی فراوان کردووە و ئامادەی کردووە بۆ ئەوەی بکرێنە دووساید.

شارەوانیی كۆیە چەند شوێنێك بەكرێ دەدات

شارەوانیی كۆیە چەند شوێنێك بەكرێ دەدات

سەنگەر سەڵاح، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە، بە 964ـی وت، بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵییەکانی هاتوچۆ لە ناو شاردا کردنە دووسایدی ئەم شەقامەنە پێویستبوون، بۆیە کردمانە دووساید، یەکەم قۆناغیش لە شەقامی ناوبازاڕی شارەوە دەستمان پێکرد و دواتر لەبەردەم کتێبخانەی گشتییەوە بۆ فلکەی سەوز، دواتر لە فلکەی حاجی قادرەوە بۆ بەردەم پۆلیسی کۆیە ئەنجامدەدرێت.

سەنگەر سەڵاح ئاماژەی بەوەش کرد، “پلان هەبوو هەموو شەقامە تاکسایدەکان بکەینە دووساید، بەڵام بە هۆی کەمی پانی و پانتایی شەقامەکانەوە نەدەتواندرا ئەو کارە بکرێت”.

وتیشی، شەقامی ناوبازاڕ لە لایەن هاتوچۆوە بە فسفۆر کرایە دووساید، بەڵام شەقامەکانی دیكە لە لایەن شارەوانییەوە ئەنجامدەدرێت، دوای ئەوەی فراوانی شەقامەکان زیاد دەکات، دوورگەكانی ناوەڕاست بۆ شەقامەکان دروست دەکات و دەبێتە دووساید”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا