رێژەی پیسی هەوای هەولێر دابەزیوە
+964
فەهمی نەبی
دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەک شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە، تا رادەیەکی بەرچاو رێژەی پیسی هەوای ئاسمانی هەولێر دابەزیوە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی ئەپلیەکەیشنی IQAIR ئەمڕۆ هەینی سێی شوبات، لە کاتژمێر یانزەی پێش نیوەڕۆ، رێژەی پیسی هەولێر دابەزیوە بۆ 95 پلە، کە مانگێک پێش ئێستا پیسییەکەی دوو هێندە بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئەو ئەپڵیکەیشنە، رادەی پیسی هەوا ئەگەر رێژەکەی لەنێوان ژمارە یەک بۆ 50 بوو گونجاوە، بەڵام لە ژمارە 51 بۆ 100 بوو مامناوەندە، لەسەرووی ئەو ژمارەیەوە ئەگەر رێژەکە بەرزتر بێت گونجاونیە بۆ ژیان.
ئەمە لە کاتێکدایە مانگی پێشوو، بەر لە هاتنی شەپۆلی بارانبارین، رێژەی پیسی هەوای هەولێر 184 بووە.
بەگوێرەی پێشبینیەکانی ئەپڵیکەیشنەکە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە، ئاستی پیسی هەوای هەولێر زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێک رۆژی شەممە تاوەکو 31 پلە دێت، کە ئەمە رێژەیەکی باشە بۆ پاکوخاوێنی هەوا.
ماوەی چەند ساڵێکە تێبینیی هەبوونی چڕە دوکەڵێکی بەردەوام لەسەر ئاسمانی شاری هەولێردا دەکرێت، تێبینیکراوە لە وەرزی هاوین رێژەی پیسی هەوا تا 198 پلە بەرز دەبێتەوە.