لە پشدەر

دواکەوتنى موچە بایکۆتى دەستپێکردەوە

964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆى دواکەوتنى موچەکانیان، مامۆستایانى قوتابخانەی ژین لە گوندی سونێ و قوتابخانەی بنەڕەتی گوندی زەڵێ لە سنوورى قەزاى پشدەر، بڕیاریانداوە لە مڕۆوە تا موچە وەرنەگرن نەچنەوە دەوام تا موچە وەردەگرن.

رەشید نەژاد، مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی سونێ بە 964ـی وت،” لە کۆی 12 مامۆستا، نۆ مامۆستا لە قوتابخانەیی ژین لە گوندی سونێ، بەهۆی دواکەوتنى موچە بڕیارماندا نەچینەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن، تا ئەوکاتەیی موچە وەردەگرین”.

وەک ئەوەى مامۆستا رەشید باسى دەکات، سەرجەم مامۆستاکان دانیشتووى شارى قەڵادزێن و هیچ داهاتێکى دیکەیان نییە جگە لە موچە کە بڕەکەى 500 هەزار دینارە و کرێى هاتوچۆشى لێدەدەن، بۆیە وەکخۆى دەڵێت، چیتر ناتوانن بەردەوامبن لە دەوامکردنى بەبێ موچە.

هاوشێوەى قوتابخانەکەى گوندى سونێ، سەرجەم مامۆستایانى قوتابخانەى زەڵێى بنەڕەتیش بڕیاریانداوە، لە مڕۆوە دەرگاى قوتابخانە نەکەنەوە و بایکۆتى دەوام بکەن.

محەمەد ئەحمەد، مامۆستا لە قوتابخانەى بنەڕەتى گوندى زەڵێ بە 964ـى وت،”هەموو رۆژ لە قەڵادزێوە دەچنە زەڵێ و رێگایەکى دوور دەبڕن و کرێى هاتوچۆى زۆر دەدەن، تەنیا موچەى مانگى نۆمان وەرگرتووە و بەبێ پارە و موچە ناتوانین بەردەوام بین، بۆیە بەناچارى بڕیارمانداوە تا موچە وەرنەگرین نەچینەوە قوتابخانە”.

هەردوو گوندى سونێ و شێنێ لە سنوورى قەزاى پشدەر، دوو گوندى سنوورین و بەهەردوو گوندەکە 80 قوتابیان هەیە کە 50 قوتابیان لە سونێ و 30 قوتابیان لە شێنیێن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح